Sun 10 Feb 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

هه‌ناسه‌كه م

 

دووریت دۆزه‌خێكه‌

 

دۆزه‌خێكی پڕ ئه‌شكه‌نجه‌

 

 

یاده‌كانت دۆزه‌ختره‌

 

دۆزه‌خێكی پڕ له‌ڕه‌نجه‌

 

 

چاوه‌كانت

 

دۆزه‌خێ تر

 

دۆزه‌خێكی خنكاو له‌گڕ

 

 

ده‌سته‌كانت

 

هه‌ر دۆزه‌خه‌

 

دۆزه‌خێكی ڕچاو و سڕ

 

 

لێوه‌كانیشت دۆزه‌خه‌

 

دۆزه‌خێك كه‌ سات به‌ سات گیان ده‌كڕێ

 

 

دڵى سه‌نگت

 

دووایین دۆزه‌خ

 

له‌ نێوی دا، له‌شی ماندووم هه‌ر ده‌‌گڕێ‌

 

 

ئه‌م هه‌موودۆزه‌خانه‌

 

بوونه‌ته‌ به‌هه‌شتی من

 

به‌هه‌شتێكى خۆش و هێمن

 

خوایا چه‌نده‌ سه‌یره‌ به‌هه‌شتى من...!!

 

 

Sun 15 Sep 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

خۆشه‌ویستم

 

كه‌ ده‌نگى جوانت نابیستم

 

دڵم ده‌بێ به‌ خه‌مخانه‌

 

فرمێسكه‌كان باڵ ده‌گرن و

 

چاوم ده‌كه‌ن به‌ هێلانه‌

 

ده‌گریم

 

ده‌گریم

 

به‌ ‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك فرمێسكه‌كانم بسڕێ

 

دووریت سه‌یرم ده‌كا

 

ده‌یه‌وێ شێعره‌كانم بدڕێ

 

گوڵم

 

ته‌نیا دڵێكم بوو له‌ باتى دوورى لێم كڕیت

 

به‌ڵام چه‌نده‌ تۆم خۆش ده‌وێ

 

ئه‌وه‌نده ‌ڕقمه‌ له‌ دووریت

Thu 11 Jul 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ماندوو په‌نجه‌ى ژاكاو، برژانگى كات

 

به‌ ‌پێ دزكێ، پێ دزكێ

 

ڕه‌شه ‌پرچى خه‌ مێك داده‌هێنێ و

 

دڵوپ دڵوپ هه‌ستى سوتاوو

 

وه‌ك كانیاو

 

له ‌سه‌ر سپى له‌شى په‌ڕه‌ ده‌كا به‌شێعر

 

هه‌ناسه‌ى ژین مانگرتوو

 

له ‌قه‌فه‌سی پڕ بڵێسه‌ى ژان ئاژن ده‌ستى شه‌وه‌زه‌نگێك

 

هه‌نسكى خنكاو داده‌نێژێ و

 

پرسه‌گێڕى سه‌ر بڕینى هه‌سته‌كانیه‌تى

 

خۆر سوتاوه‌

 

دیله‌ مانگ خه‌وى شێته ‌په‌نجه‌ى ده‌دزێ و

 

شینه‌  شێعرى دڵدارى ده‌نووسێ

 

بۆگوڵه‌  پوونه‌

 

ده‌بێ ئاسمان چه‌نده‌ به‌ داخ سه‌رسوڕمابێ؟

 

له‌و كاته‌دا زه‌ریا و ئاگر

 

وه‌ك دوو دڵدارى پڕ ئه‌وین

 

زۆر زۆر زیاتر له‌ مه‌م و زین

 

له‌ ئامێزى یه‌كترى دا

 

خۆیان كوێركه‌ن

 

له ‌گه‌شه‌چاوى،

 

            چكۆله‌ دڵى

 

                 ناسكه‌ ماسى،

 

                              ژیان نه‌دیو...

Sat 8 Jun 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

زه‌رده‌په‌ڕى هیواكانه‌ و


دارى چاوم هێدى ‌هێدى


ئاگرین گه‌ڵاكانى ده‌وه‌رێنێ و


بێ هێز جه‌سته‌ى ئه‌وین داده‌پۆشێ


بیرت بارگه‌ له‌ كۆڵ


بیرى كۆچى له‌ گه‌ڵدایه‌ و


هه‌نگاو هه‌نگاو


له‌ سه‌ر په‌لكى بڕاوى شێعره‌كان


خۆى ده‌سپێرێ


به‌ ڕه‌شه‌ سنگى بێ كۆتایی شه‌وێكى نادیار


زه‌رده‌په‌ڕى هیواكانه‌ و


شارى لێوم یه‌ك له‌ دواى یه‌ك


ته‌رمى بزه‌ حه‌شار ده‌دا و


لێوان لێوه‌ له‌ نهێنى گه‌وره‌ خه‌مێك


لاوه‌ دڵى ئێشێك


له‌ نێو دڵم هه‌ڵده‌په‌ڕێ و

 

شۆخه‌ شێعرێك پێشێل ده‌كا


بۆ له‌ لاى من؟؟


زه‌رده‌په‌ڕى هیواكانه‌ و


چاو خنكاوه‌ و


پێنوس تۆراوه‌ و


ده‌ستى زمان كه‌له‌پچه‌یه‌ و


پێى له‌ زنجیر...


ده‌ پێم بڵێن


من چۆن بڵێم بۆ له‌ لاى من؟؟


Sat 27 Apr 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

كه‌تۆى ناسى و ئارتینى چاوت تابارى خسته‌ ‌نێو چاوى

 

خۆى سپارده‌ گه‌وره‌ زه‌ریاى بێ كۆتاییت

 

وه‌ك ڕێگاى ئه‌وین

 

ڕێگۆ هێمۆ هه‌ستێك، خاوێنى ده‌كرد و

 

ته‌رفیل شه‌پۆل

 

پۆل له‌ ‌دواى پۆل

 

ده‌گمه‌‌ن گۆرانیه‌كى ده‌چرپاند

 

به‌گوێى سه‌وزه‌ جه‌سته‌ى پڕ له ‌چرۆى چاوه‌ڕوانى

 

كه‌تۆى ناسى

 

چاوه‌كانى له‌ نێو خه‌ونى دورگه‌یه‌ك دا

 

قه‌راخێك دا

 

زه‌رده‌په‌ڕى ڕاده‌كێشا بۆ مانگرتن

 

كه‌ تۆى ناسى

 

شه‌وه‌كانى باڵاى كرد و

 

گوڵه ‌پێژانى ئاسمان كه‌م ته‌مه‌ن و

 

ده‌سته‌كانى گوماناوین

 

پێش تۆ ناسین

 

شۆخ و شه‌نگ بوو

 

شنه‌ى ورده‌ هه‌ڵبه‌ست سه‌وزه ‌پرچى داده‌هانى

 

واژام، ئه‌گریجه‌ى ده‌ڕازاند و

 

كلى چاوى خۆڵه‌مێشى سارده‌ جه‌سته‌ى دوێنى بوو

 

گه‌وره‌ گۆڕه‌پانى شارى

 

بوو بوو به‌جێى ڕه‌ش به‌ڵه‌كى

 

پاژه‌ڕه‌ژ و باكۆڤه‌ و زینیا و

 

ڕێزیان ده‌گرت له‌ جووتبوونى پێكى جریوه‌ و

 

 ده‌ستى كازیوه‌

 

پێش تۆ ناسین

 

جوان و ڕه‌نگین

 

پێده‌كه‌نى به‌دڵدارى خۆڵ و خۆر

 

ئێستا خۆى له‌ دڵى خۆردا ده‌بینێ و

 

زه‌رده‌په‌ڕى له‌ به‌ردایه‌ و

 

زێڕین په‌لكى

 

 ده‌كا به‌ دیارى بۆ خۆڵ

 

دواى تۆ ناسین

 

كه‌ لێوان لێو، بوو له‌ ئه‌وین

 

قه‌د نه‌یده‌وت من به‌هارم

 

بوو به‌پاییز...

Thu 4 Apr 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

ئه‌ی جیهان

 

ئه‌ی گه‌ل و هۆز

 

که هه‌شتی مارس دێت

 

قەت پێم مه‌ڵێن رۆژت پیرۆز

 

وا مه‌زانن دێنه سۆ

 

زامی ژن بوون

 

 له  سه‌ر جه‌سته‌ی رۆح و ژینم

 

نا

 

ئه‌وه‌ى خاک وئا‌ڵام

 

له ده‌س داڵاش دیله

 

بووه‌ته گه‌وره برینم

 

مه‌ڵێن پیرۆز

 

هیچم لا پیرۆز نیه

 

تا ئه‌و کاته ی

 

خه‌ونی ئازادی ده‌بینم...

 

Fri 8 Mar 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

په‌ڕه‌ و پێنوس

 

بۆ له‌ تۆ نوسین ڕامده‌كێشن

 

به‌ڵام

 

چاوم، دڵم، ده‌سته‌كانم

 

له‌ به‌ر، ڕۆیشتنت پڕ له‌ ئێشن

 

و‌ا ده‌زانى

 

ئێستا لێوى ئه‌م ده‌ستانه‌ى

 

كه‌تینوى لێوى ده‌سته‌ دووره‌كانته‌

 

ئه‌م چاوانه‌ى

 

كه ‌پڕ پڕن له‌ فرمێسك و چاوه‌ڕوانى

 

ئه‌م دڵه‌ى

 

كه‌ ‌لێوان لێوه‌ له‌ نهێنى ئه‌وینێكى پڕگله‌یی

 

له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ چى ده‌رده‌خه‌ن؟

 

نا

 

نا...

 

نا پێنوس تكا مه‌كه‌

 

دڵم نایه‌

 

دڵم نایه‌ دڵى سپى شارى په‌ڕه‌

 

پڕ بكه‌م له‌ ئێش...

 

Mon 25 Feb 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ئه‌م به‌یانیه‌

 

كه‌ هه‌تاو پێڵوى په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌مى لادا

 

چاوم كرده‌وه‌

 

په‌نجه‌ ناسكه‌كانى

 

هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ درزى شوشه‌كانه‌وه‌

 

خۆیان بۆ نێو ژووره‌كه‌م ده‌دزن

 

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى

 

وێنه‌كه‌ى تۆیان لام بینیوه‌

 

ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێ

 

وه‌ك من

 

هه‌موو به‌یانییه‌ك ماچت كه‌ن...

 

 

Tue 19 Feb 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

خۆشه‌ویسته‌كه‌م

ئه‌مشه‌و، شه‌وى ڤالانتاینه‌ ‌و

هێشتا دووریت، ئازارم ده‌دا

ئه‌مشه‌و شه‌وى خۆشه‌ویستیه‌ ‌و

بێ ده‌نگى تۆ له‌ دارم ده‌دا

ئێستا له‌ كوێى؟

ڕووناكیت خستۆته‌ كام وڵات؟

چاوى مه‌ستت

چاوى كێ سه‌ر خۆش ده‌كات؟

ده‌ستت

ده‌ستى كێى له‌ باوه‌ش گرتووه‌؟

كام دڵ، جێى دڵمى له‌ دڵتا گرتووه‌؟

 لێم ببوره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م

نیازم نه‌بوو، گله‌ییت لێ بكه‌م

"ڤالانتاین" له‌ تۆیش پیرۆز بێ

گوڵێكى سوورت پێشكه‌ش ده‌كه‌م...

Wed 13 Feb 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

چومه‌ ده‌رێ

 

نا بۆگه‌ڕان...

 

با بۆگه‌ڕان

 

له‌ دواى وێنه‌ى‌ چاوه‌كانت

 

به‌داخه‌وه‌

 

له‌م هه‌موو چاوه‌ ده‌یبینم

 

هیچیان له‌چاوى تۆ ناچێ

 

له‌ هه‌موو بزه‌ و لێوانه‌

 

هیچیان به‌ لێوى تۆ نابێ

 

زۆرێك گه‌ڕام

 

چاوم به‌ دونیایه‌ك تینویه‌تى

 

 بۆ هه‌موو شوێنێك ده‌چوو

 

كه‌چى نه‌بوو

 

نه‌بوو ...

 

نه‌بوو ...

 

له‌ ‌وێنه‌ت نه‌بوو

 

خۆشه‌ویستم

 

له‌و هه‌موو هیلاكى و گه‌ڕانه‌

 

ته‌نیا شتێك هاته‌ ده‌ستم

 

له‌وه‌ى بێ وێنه‌ و تاكى

 

له‌خوا ده‌چى

 

جا حه‌ق نیه‌ بتپه‌رستم؟؟؟

 

Sun 3 Feb 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

هه‌ناسه‌م لێ بسێنه‌

 

پێكه‌نیت نا

 

چاوى دونیام لێ بنوقێنه‌

 

چاوه‌كانت نا

 

سه‌یركه‌...

 

‌سه‌یركه‌، ده‌بینى‌ ئه‌وین چه‌نده‌گه‌وره‌ بووه‌؟

 

دوێنى بوو

 

دوێنى بووچاوى كرده‌وه‌ و

 

باش نه‌ى ده‌ناسیت...

 

خۆزگه‌ به‌ دوێنێ

 

چیم لێ ده‌كه‌ى؟

 

جێ هێلاَنى سه‌ر لێ شێواوێك

 

دڵ نه‌ماوێك

 

بێ چاوێك

 

چیت لێ ده‌كا؟

 

ده‌ستى ژینم له‌ ده‌ست كه‌ره‌وه‌

 

ده‌سته‌كانت نا

 

هه‌رچیت هه‌یه‌ خه‌ڵاتى خه‌ڵكى كه‌

 

هه‌سته‌كانت نا

 

بڵێ هه‌موو شتێك ڕۆیشتووه‌

 

دوێنێ نا

 

هه‌موو دڵێكت كوشتووه‌

 

دڵم نا

 

بڵێ...

 

توخوا بڵێ جێم ناهێڵى

 

فرمێسكه‌كانم پێشێل مه‌كه‌

 

هه‌سته‌كانم مه‌ڕوخێنه‌

 

بڵێ ئێستاش هه‌ردوێنێیه‌ و

 

ده‌سته‌كانتم لێ مه‌سێنه‌

 

چاوه‌ڕێى سه‌هۆڵ به‌ندانى هه‌تاوم

 

لێوه‌كانت نا

 

هه‌ناسه‌كه‌م

 

تۆ بڕۆى دونیایش بۆم پێكه‌نێ

 

لێوه‌كانم نا

 

جێم مه‌هێڵه‌

 

جێم مه‌هێڵه‌...

 

Tue 29 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

وێنه‌كه‌ت ته‌نیا شتى جوانى ژووره‌كه‌مه‌

 

ڕۆژێك سه‌دجار ماچى ده‌كه‌م و

 

ده‌ڵیم كه‌مه‌

 

هه‌مو به‌یانیه‌ك كه‌چاوم ده‌كه‌مه‌وه‌

 

وێنه‌كه‌ت ده‌بێ به‌ هیواى ژینم

 

زۆر دڵنیام كه‌ ئاگر ده‌گرم

 

ڕۆژێك وێنه‌ جوانه‌كه‌ت نه‌بینم

 

له‌و كاته‌وه‌

به‌ دیوارى ژووره‌كه‌م دا هه‌ڵم واسیوه‌

 

وشه‌ى جوانى خۆشه‌ویستى پێم ناسیوه‌

 

ڕێزده‌گرم له‌ خۆت و له‌ وێنه‌ى جوانت

 

شه‌كره‌یش له‌ڕو ده‌با

 

تامى شیرینى زمانت

 

باسى چاوه‌كانت مه‌كه‌

 

تاڵانى كرد دڵ و دینم

 

به‌و نیگا ناسكانه‌ى

 

خۆى تكانده‌ دڵى ژینم

 

Sat 26 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

له‌چاوما شاییه‌

 

فرمێسك چۆپى ده‌كێشێ

 

بوك

 

          دڵى خۆمه‌‌و

 

 زاوایش

 

          بێ ده‌نگى تۆ...

 

 

 

Thu 24 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ئازیزه‌كه‌م

 

په‌نجه‌ی ڕه‌شى چاو چنۆكى شه‌وى تاریك

 

به‌پێنوسى دوورى له‌ تۆ

 

له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ى چاوه‌ڕوانى

 

وێنه‌ی یادی تۆی ده‌كێشا

 

 

ئه‌ستێره‌كان

 

دڵوپ دڵوپ،

 

ته‌رمى فرمێسكیان به‌ خاك ده‌سپارد

 

 

مانگ

 

ئه‌مجاریش به‌ ‌بێزاریى

 

له‌چاوى شه‌و بێ ده‌نگ تكا

 

خۆر

 

چاوى كرده‌وه‌و وتى:

 

ئه‌مڕۆیش له‌گه‌ڵت، چاوه‌ڕێیى هاتنى ده‌كه‌م

 

 

له‌و كاته‌وه‌ تۆم ناسیوه‌

 

دوورینى شه‌و به‌ڕۆژ ته‌نیا ئێشی چاوه‌كانمه‌

 

له‌گه‌ڵ مانگ و خۆر و ئه‌ستێره‌كان

 

بووم  به‌ هاوڕێ

 

یاده‌كانیشت

 

له‌گه‌ڵ خوێنمه‌وه‌ تێكه‌ڵ بووه‌ و

 

بۆ دوورى چاوه‌كانت هه‌ر میواندارى ژانم

Thu 17 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

هیواى چاوى من له‌وێیه‌

 

چاوم فرمێسكین‌و زامار

 

له‌ به‌رده‌رگه‌، چاوه‌ڕێیه‌

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

دڵم له‌ژووره‌كه‌تایه‌

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

لێره‌ تا لاى خوا تكایه‌

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

ده‌بێ به‌ سنور شوشه‌كانى

 

ژوره‌كه‌ت، دوورئه‌بێته‌وه‌و

 

لێم ون ده‌بێ چاوه‌كانى

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

‌من  زۆر ده‌ترسم له‌دووریى

 

زۆرم كێشاوه‌چاوه‌كه‌م

 

ئیتربه‌سمه‌، من سه‌بورى

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

ڕووناكیى من، وا له‌ ‌لاى ئه‌و

 

سوێندت ده‌ده‌م  به‌ڕوو‌ناكى

 

ڕۆژه‌كانم مه‌كه‌ به‌ شه‌و

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

مانگى من له‌وێوه‌ هه‌ڵدێ

 

جا مانگى من زۆر جوانتره‌

 

چاوى له‌چاوى خۆر ده‌چێ

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

چاو چاوه‌رێى چاوه‌كانته‌

 

لێو ماچ ده‌نێرێ بۆ لێوت

 

ده‌ست میوانى ده‌سته‌كانته‌

 

 

تۆ په‌نجه‌ره‌كه‌ت دامه‌خه‌

 

چاو له‌پێشی چاوه‌ڕێیه‌

 

ماچ ده‌كه‌م ئه‌و كۆترانه‌ى

 

كه‌ هه‌واڵى تۆیان پێیه‌

 

Thu 17 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ماندووم

 

زۆرماندووم

 

له‌ژیان‌و له‌ڕابردووم

 

ئه‌وه‌نده‌ زۆر

 

كه‌ حه‌ز ده‌كه‌م

 

بۆیه‌كه‌م جار

 

من له‌ هه‌میشه‌ییدا بنوم...

Sat 12 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

دڵم ته‌نگه‌‌و له‌ تۆ دووره‌

 

فرمێسكه‌كانم شه‌پۆلان ده‌ده‌ن

 

ده‌ڵێى كاتى ئه‌رخه‌وان سووره‌

 

هه‌نگاوه‌كانت به‌وردى ده‌نێیت

 

 

چۆن بڵێم؟

 

زۆرسه‌بوره‌...

 

خۆشه‌ویسته‌كه‌م

 

له‌سكاڵاكانم مه‌ڕه‌نجێ

 

دڵم ته‌نگه‌ ‌بمبوره‌...

Fri 4 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

لێیان پرسیم

 

شێعركانت بۆ كێیه‌؟

 

ووتم:

 

بۆ كه‌سێك ده‌نوسم كه‌ دڵمى پێیه‌

 

ووتیان:

 

جا چۆن بزانین دڵت وا له‌ لاى كێ؟

 

ووتم:

 

زۆر ڕوونه‌

 

دڵبه‌ره‌كه‌م هه‌ر له‌ مانگ ده‌چێ

 

ئیتر بێ ده‌نگ بوون

 

وا ده‌زانم زانیان به‌ ڕازه‌كه‌م

 

منیش پێكه‌نیم‌و

 

دیسان گه‌ڕامه‌وه‌، بۆ لاى سازه‌كه‌م

Fri 4 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

كاتێ ێپێده‌كه‌نى

 

خۆر له‌ لاى چاوت داده‌به‌زێ

 

دڵى چكۆله‌م، بێ ده‌نگ ده‌ته‌زێ

 

كاتێ ێپێده‌كه‌نى

 

شیرینترده‌بێ لێوى ئاڵت

 

تیشك ده‌بارێ له‌چاوى كاڵت

 

كاتێ ێپێده‌كه‌نى

 

هه‌ساره‌ ده‌بارێ به‌ سه‌ر دوو گۆنات

 

مانگ له‌ سه‌ر لێوی تۆ، سه‌ما ده‌كات

 

كاتێ ێپێده‌كه‌نى

 

حه‌ز ناكه‌م چاوانم بنوقێنم

 

ده‌مه‌وێ دو‌نیا له‌ خه‌و هه‌ڵسێنم

 

كاتێ ێپێده‌كه‌نى

 

هه‌ر ده‌ڵیم خوایا كات ته‌واو نه‌بێت

 

ئاخر هیچ پێكه‌‌نینێك

 

له‌پێكه‌نینی تۆ ناچێت...

Thu 3 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

جار جارێك، شه‌وان

 

چاوم ئه‌نوقێنم ‌و

 

وا هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ وێنه‌كێشم

 

به‌ڵام نازانم بۆ؟

 

سه‌یرى هه‌ركوێ بكه‌م

 

هه‌رتۆ ده‌كێشم...

 

Wed 2 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

لێوى په‌نجه‌م

 

تینوى لێوى تاره‌كه‌مه‌

 

ته‌نگى دڵم

 

له‌ به‌ر ته‌‌نگی

 

ژوورى دڵى یاره‌كه‌مه‌،

 

فرمێسكى من، له‌ به‌ر دوورى شه‌پۆل ده‌دات

 

كاتژمێریش

 

ده‌یژمێرێ ساتى نه‌هات

 

ده‌سته‌كانم

 

له‌ ماڵى كه‌له‌بچه‌ میوانه‌

 

هه‌سته‌كانم

 

لێوان لێو تێكه‌ڵ به‌ ژانه‌،

 

خه‌وم نایه‌

 

لایه‌ لایه‌یش نامخه‌وێنێ

 

چاوه‌ڕوانى كه‌سێك ده‌كه‌‌م

 

كه‌ هه‌واڵى تۆم بۆ بێنێ...

Tue 1 Jan 2013 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ئاشتم كه‌ره‌وه‌

 

با نه‌مرێ ژینم

 

با ساتێك دووربێ چاو له‌گرینم

 

 

ئاشتم كه‌ره‌وه‌

 

با دڵم نه‌شكێ

 

با ساتێك لێوم له‌ بار، بێ‌به‌ش بێ

 

 

ئاشتم كه‌ره‌وه‌

 

با ئاگر نه‌گرم

 

باساتێك ده‌ستى به‌هه‌ستت بگرم

 

 

ئاشتم كه‌ره‌وه‌

 

من هه‌ر تۆم ده‌وێ

 

بێ چاوه‌كانت چاوم ناخه‌وێ

 

 

ئاشتم كه‌ره‌وه‌

 

دڵم لاى تۆیه‌

 

هه‌ستم له‌ دووریت شیوه‌ن‌و ڕۆیه‌

 

 

ئاشتم كه‌ره‌وه‌‌ گوڵی ژینه‌كه‌م

 

با له‌مه‌ زیاترگله‌ییت لێ نه‌كه‌م

 

Fri 28 Dec 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

سنوور، ڕێى چاوى گرتووم

 

پاساپۆرتى هێزى لێم ده‌وێ

 

ده‌بێ گیان به‌ ده‌ستم بگرم

 

تا ساتێك چاوم به‌چاوت كه‌وێ،

 

 

ئه‌گه‌ر بڵێى

 

هه‌مو سنوورێك سه‌ر ده‌بڕم

 

له‌ به‌ر پێى شێوه‌ى شیرینت

 

 

ئه‌گه‌ر بڵێى

 

دینى خۆم جێ ده‌هێڵم

 

زۆر به‌ شانازى دێمه‌ سه‌ر دینت،

 

 

ئه‌گه‌ر بڵێى

 

بست به‌ بستى له‌شم

 

ده‌كه‌م به‌ هێزو

 

خۆم ده‌خه‌مه‌ باوه‌شى گه‌رمت

 

 

ئه‌گه‌ر بڵێى به‌ دڵ‌و به‌گیان

 

كڕنوش ده‌به‌م

 

بۆچاوه‌كانى لێو ڕێژ له‌ شه‌رمت

 

 

Sat 22 Dec 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

ده‌ڵێن

 

باڵا به‌رزترین شه‌و،شه‌وی ێه‌ڵدایه‌

 

به‌ڵام وانیه‌...

 

شه‌وی دووری تۆ

 

بۆباڵا به‌رزی بێ ‌هاوتایه‌

 

ئه‌و شه‌وه‌ باڵا به‌رزانه‌

 

بون به‌ سێ داره‌ی هه سته‌کانم

 

وه‌ک خوێن ڕێژێکی دڵ ڕه‌ق

 

بون به‌ ژینگه‌ی ئێش و ژانم

 

بزه‌کانیان یه‌ک له‌ دوای یه‌ک سه‌ربڕی

 

ده‌رگه‌ی نامۆییان کرده‌وه‌ و

 

به‌خته‌وه‌ری لام فڕی

 

ئه‌و شه‌وه‌ باڵا به‌رزانه‌

 

خوێن ڕێژ بون

 

به‌ڵام

 

نه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی چاوه‌کانت

 

لێوان لێو بون له‌ بێ ده‌نگی

 

نه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی تۆ و زمانت

 

ئه‌و شه‌وه‌ باڵا به‌رزانه‌

 

مانگی لێ کردومه‌ دوژمن

 

فرمێسکه‌کانمی کردووه‌ته‌ زه‌ریایه‌کی بێ بن

 

ئه‌ستێره‌ی ڕه‌ش کردووه‌ له‌به‌ر چاوم

 

به‌ کێ بلێم؟

 

بێ باوه‌ڕم وا شکاوم

 

ئه‌و شه‌وه‌ باڵا به‌رزانه‌

 

وردیان کردم

 

وردی ورد وه‌ک خۆڵه‌مێش

 

چیم بۆماوه‌؟

 

به‌و خوایه‌ هیچ جگه‌ له‌ ئێش.

 

Wed 19 Dec 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

 

(زلدا) ده‌ڵێ:

 

(شاعیره‌کانیش نازانن دڵ چه‌نێ گه‌وره‌یه‌)

 

به‌ڵام

 

من ده‌زانم و به‌ڵگه‌یشم پێیه‌

 

دڵ هه‌رچه‌نێک بێ

 

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌م ده‌بێ

 

له به ر ئه وه ی

 

له‌ دڵی من جگه‌ له‌ ئه‌و

 

شوێنی که‌سێکی تر نابێته‌وه‌

 

به ‌(زلدا) بڵێن

 

دڵ هه‌رچه‌نێک بێ

 

له‌سه‌دا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌.

 

Tue 4 Dec 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

من شێعر نیم

 

دڵوپێك فرمێسكم

 

له‌ ده‌فته‌رى شێعردا ده‌ژیم

 

شه‌وێك

 

له‌ دڵێكى پڕله‌ هه‌ست و خنكاوى خه‌م

 

به‌ هۆى ساڕێژكردنێ

 

گه‌یشتمه‌چاوێكى تینوو

 

ئه‌وه‌نده‌ كاتم نه‌بوو خۆم به‌ قه‌تیسى ببینم

 

وه‌كات له‌ سه‌رگۆنایه‌كى ته‌ڕ

 

ڕۆیشتم و گه‌یشتمه‌ سه‌ر په‌ڕه‌یه‌ك

 

بووم به‌ وشه‌

 

شێعرێكى نه‌نوسراوم ده‌رخست

 

له‌ شاعیرێكى ته‌نیا...

 

 

Fri 30 Nov 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

خۆشه‌ویستم

 

به‌هار ڕۆیشت

 

باوه‌ڕت بێ پێم نه‌زانى

 

نه‌ ‌ماچى گوڵى سورم كرد

 

نه‌شێعرم نوسى بۆ كانى

 

 

به‌هار ڕۆیشت

 

ده‌نگى باران له‌گوێم نه‌كه‌وت

 

ئیتر په‌لكه‌ زێرینه‌ش

 

له‌ باوه‌شى خه‌ونم نه‌خه‌وت

 

 

به‌هار ڕۆیشت

 

كه‌چى هێشتا له‌ خه‌م پڕم

 

هێشتا له‌لاى خۆشه‌ویستى

 

شێعرى تازه‌ت بۆ ده‌كڕم

 

 

به‌هار ڕۆیشت

 

خۆ ئێستاش نازانم وه‌رزى چیه‌ !

 

زۆر جار له‌ دڵ پرسیومه‌

 

ئه‌ویش وه‌ك من ئاگاى نیه‌

 

 

خۆشه‌ویستم كه ‌ڕۆیشتى

 

تاڵیت خسته‌ كات و ساتم

 

بویت به‌پرسیار بۆ هه‌موو كه‌س

 

تابزانن بۆچى ماتم

 

 

كه‌ڕۆیشتى

 

چاوم خۆى كرد به‌ قوربانت

 

سۆماى دا به‌ ده‌ستى پێنوس

 

فرمێسكى نارد بۆ سه‌رشانت

 

 

كه‌ڕۆیشتى

 

چاوه‌ڕوانى، له‌ جێت دانیشتووه‌

 

ئیتر میوانى تاریكیم

 

ده‌ڵێن، ڕووناكى كوشتووه‌

 

Sat 24 Nov 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

به‌ ‌ته‌ما بووم

 

ته‌نیا بۆ جارێك قسه‌ى فرمێسكم ببیستى

 

ته‌نیا بۆ جارێك

 

كتێبى ناخم بكه‌یته‌وه‌ و

 

تێم بڕوانى و بڵێى چیت ده‌وێ؟

 

 

هه‌ناسه‌كه‌م

 

چاوم چى ده‌ویست له‌چاوه‌كانت؟

 

جگه‌ له‌چرپه‌ى نیگایه‌كى ناسك

 

نیگایه‌كى ورد و شه‌رمن

 

وه‌ك هه‌ناسه‌ى

 

پڕ له‌ تاسه‌ى دڵى بوكێكى پڕ له‌ هیوا

 

 

لێوم چى ده‌ویست له‌ لێوه‌كات؟

 

جگه‌ له‌ كوشتنى

خه‌ونى ماچێكى پڕله‌ هه‌ست و

 

 سپى ترله‌ لاپه‌ڕه‌ى دڵی عاشق

 

 

ده‌ستم چى ده‌و‌یست له‌ ده‌سته‌كانت؟

 

جگه‌ له‌ له‌نجه‌ى تیشكى پڕله‌ عه‌شقى

 

چاوى په‌نجه‌ى پاك و بێگه‌رد

 

كاتێ ڕۆیشتى

 

گوێم تینوى بیستنی به‌ڵێنێك بوو

 

كه‌چى نه‌تدا

 

لێوم ده‌یه‌ویست دوای بیستنى ئه‌و به‌ڵێنه‌

 

پێت بڵێ تامردن چاوه‌ڕێتم

 

كه‌چى ڕێت پێ نه‌دا...

 

 

هه‌ناسه‌كه‌م

 

لێم ببوره‌ هه‌وڵى زۆرم دا

 

به‌ڵام نه‌مده‌توانى ڕێگرى دڵم بم

 

نازانم پێى ده‌زانى یان نا؟!

 

ماوه‌یه‌كه‌

 

دڵم له‌ به‌رده‌رگه‌ى دڵت دانیشتووه‌ و

 

چاوه‌ڕێیه‌ ‌كه‌سێك ده‌رگه‌‌ى لێ كاته‌وه‌

 

ده‌رگه‌كه‌تم لێ كه‌ره‌وه‌

 

نا...

 

نامه‌وێ بێمه‌ژوورێ

 

ده‌مه‌وێ

 

دڵم قه‌ڵاى به‌ردینى دڵت ببێنێ و

 

 بێ ده‌نگیم لێ ببورێ...

 

Sat 24 Nov 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |

زۆرجار ده‌مه‌وێ

 

دوا شێعرت بۆ بنوسم و ماڵاوایت لێ بكه‌م

 

كه‌چى له‌ كۆتایى هه‌ر ده‌نوسم

 

چاوه‌ڕێتم خۆشه‌ویسته‌كه‌م

 

ناتوانم ماڵاوایت لێ بكه‌م

 

پێنوسیش هه‌ستى پێ كردووه‌

 

جارجار پێم ڕائه‌بوێرێ

 

ده‌ڵێ قه‌ینا هێشتا زووه‌

 

چاوه‌ڕێى ماڵاوایى مه‌به‌

 

تا مردنیش چاوه‌ڕێتم

 

نا هه‌ناسه‌، له‌ نێو قه‌بریش

 

هه‌ر چاوه‌ڕێى ترپه‌ى پێتم...

 

Fri 23 Nov 2012 نو سه ر : پاییز_کورد ---------------------------| |